کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كۆسرەت رەسوڵ عەلی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیەكانی كەركوك كۆبوەوە

.

09:20 PM - 17/09/2017



لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركوك، كۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كەركوك بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسول عەلی و بە ئامادەبوونی ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەڵاح دەلۆ بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك- گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەچوو.
لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا كۆسرەت رەسول عەلی كورتەیەكی لەبارەی ئامانجی كۆبوونەوەكەو گرنگی كەركوك بۆ كوردستان خستەڕوو و جەختی لە گرنگی رۆڵ و پێگەی كەركوك كردەوە، لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا كۆسرەت رەسول عەلی باسی لە پێكەوە ژیانی نێوان پێكهاتەو نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانی كەركوك كردو رایگەیاند: كە پێویستە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان رۆڵی ئەرێنی بگێڕن لە گرەنتی دان بە هەموو لایەك و دڵنیایان بكەنەوە كە لەداهاتووی كەركوكدا مافەكانیان زامنكراو دەبێ.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا سەرجەم بەشداربووان بەشێوەیەكی وردو بابەتیانە گفتوگۆیان كرد لەبارەی هەستیاری بارودۆخی كەركوك، تەئكیدیان لە كۆدەنگی هێزو لایەنەكان و كاریگەری لەسەر پرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆم كردەوە. هاوكات بەشداربووانی كۆبوونەوەكە تەئكیدیان لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان بە یەكڕیزی و یەكدەنگی بە ئامانجەكانی دەگات و ریفراندۆمیش مافێكی سەرەتایی گەلی كوردستانە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە