کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم كۆبۆوە و چەند بڕیارێكی دەركرد

.

08:45 PM - 23/08/2017

ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لەپیرمام كۆبۆوە و دوای كۆبوونەوەش راگەیەندراوێكی 7 خاڵی بڵاوكردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە لەكۆبوونەوەكەدا ناوەڕۆكی سەردانەكەی وەزیری بەرگریی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان‌و هەڵوێستە ناوچەیی ‌و نێودەوڵەتییەكان لەبارەی ریفراندۆم تاوتوێكراوە و دوای گوێگرتن لەراپۆرت‌و دەرئەنجامی گفتوگۆكانی وەفدی دانوستانكاری هەرێم بۆ بەغدا.
هەر لەراگەیەندراوەكە دەرئەنجامی كۆبوونەوەكە بڵاوكراوەتەوە‌و ئاماژە بەوەكراوە: كە كۆبوونەوەكە پێزانینی بۆ كارو ئەدای وەفدی دانوستانكاری هەرێم بۆ بەغدا هەبووەو تەئكیدی لەبەردەوامیی گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ بەغداكردەوە لەبارەی ریفراندۆم‌و ئاییندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا, هەر لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردا بەخێراتركردنی دروستكردنی كۆمیتەو ڕێوشوێنە پڕاكتییەكانی پڕۆسەی ریفراندۆم بۆ ئەنجامدانی لەكاتی خۆیداو ڕاگەیاندن‌و توانای حزبەكان بۆ پاڵپشتیكردنی ریفراندۆم هەماهەنگ بن.
لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكە ئاماژەبەوەكراوە: كە كۆبوونەوەكە پشتگیریی خۆی دووپاتكردۆتەوە لەهەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ چاكسازی‌و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ باشتركردنی مووچەو باری گوزەرانی هاووڵاتیان، ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم وێڕای تەئكیدیكردنەوە لەمافی رەوای گەلی كوردستان لەدیاریكردنی چارەنووس، تێگەییشتنی تەواوی بۆ هەڵوێستی نێودەوڵەتی هەیە لەبەرامبەر ڕیفراندۆم ‌و ئەوە دووپاتدەكاتەوە: كە ڕیفراندۆم هیچ كاریگەریی نەرێنی لەسەر شەڕی داعش نابێت‌و گەلی كوردستان لەسەنگەری پێشەوەی شەڕی تیرۆر دەمێنێتەوەو لەشەڕی تیرۆردا ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری‌و هەماهەنگی‌و گفتوگۆیەكە لەگەڵ هاوپەیماناندا.
هەر لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە: كۆبوونەوەكە بڕوای تەواوی بەشەراكەتی ڕاستەقینەی پێكهاتە نەتەوەیی‌و ئایینییەكانی كوردستان هەیەو پشتگیریی هەمووجۆرە گەرەنتییەك دەكات بۆ دەستەبەركردنی مافەكانیان, كۆبوونەوەكە بڕیاریشدا, پێكهێنان‌و ناردنی وەفدی دانوستانكار بۆ وڵاتانی دراوسێ‌و جیهان بخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم.
هەر لەكۆبوونەوەدا بڕیاردراوە لەماوەیەكی نزیكدا كۆنفڕانسێك بۆ نووسەرو ئەدیب‌و رۆژنامەنووسی ناوچەكەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەزمانی عەرەبی لەهەرێمی كوردستان رێكبخرێت لەسەر پرەنسیپە دیموكراتییەكان‌و مافی چارەی خۆنووسین.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە