کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

تەوالێت كێشە گەورەكەی هیندستان

.

01:48 PM - 22/08/2017

ژنێكی هیندی لە دژی مێردەكەی داوایەكی لە دادگا بەرزكردەوە توانی لێی جیاببێتەوە، ئەو ژن و مێردە پێنج ساڵە هاوسەری یەكترن، بەڵام مێردەكەی ئامادە نەبوە لە ماڵەوە تەوالێتێك دروست بكات و ناچاربوە شەوان بێچێت لە چۆڵەوانیدا دەست بە ئاو بگەیەنێت.
بەپێی یاساكانی هیندستان ژنان تەنیا لە دوو حاڵەتدا دەتوانن لە مێردەكانیان جیاببنەوە كە ئەوانیش بریتین لە توندوتیژی خێزانی و ئازاردانی جەستەیی.
پارێزەری ژنەكە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند: كە دادوەر ووتویەتی ناچاركردنی ژن بەوەی شەوان لە چۆڵەوانیدا بچێتە سەر ئاو جۆرێكە لە ئەشكەنجەدان.
دادگای ویلایەتی راجستان ڕایگەیاند: كە زۆرجار ژنان ناچاردەكرێن تا شەو چاوەڕوان بن بۆ ئەوەی لە ماڵ بچنە دەرەوە و لە كێڵگەیەكی دوور یان لە چۆڵەوانیدا سەر ئاو بكەن.
لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەیەكی هیندیدا هاتوە كە دادوەر وتوویەتی: ئێمە پارەیەكی زۆر بە جگەرە و خواردنەوە كهولیەكان و مۆبایل دەدەین بەڵام ئامادە نین تەوالێتێك بۆ خێزانەكانمان دروست بكەین.
(ژنان لە گوندەكاندا ناچارن تاكو شەو چاوەڕوان بن بۆ ئەوەی بتوانن لە چۆڵەوانیەكدا دەست بە ئاو بگەیەنن، ئەوە نەك هەر ئازاردانی جەستەییە بەڵكو سوكایەتیكردنیشە بە ڕۆحی ژنان).
میزكردن و پیسایی كردن لە چۆڵەوانیدا لە گوندەكانی هیندستان دیاردەیەكی باوە و حكومەت پلانێكی داڕشتوە كە تا ساڵی 2019 هەمو ماڵێك تەوالێتی تایبەتی خۆی هەبێت، بەڵام ئەو پرۆژەیە ئێستاشی لەگەڵ بێت ڕوبەڕوی بەربەست و ناڕەزایی خەڵكی دەبێتەوە. لە زۆر شوێن تەوالێت دروستكراوە، بەڵام خەڵكی بەكاریان ناهێنن، ئەوەش هۆكارێكە بۆ بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی جۆراوجۆر.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی یونیسێف كە ساڵی ڕابردوو بڵاوبۆوە مەزەندەی ئەوە دەكرێت كە نیوەی دانیشتوانی وڵاتی هیندستان تەوالێت بەكارنەهێنن.

سەرچاوە : بی بی سی / ئینگلیزی

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە