کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سەفین دزەیی: 6 هەزار پرۆژە لە هەرێم راگیراون

.

10:15 AM - 06/07/2015

 وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند ئەگەر حكومەتی عیراق بە دابینكردنی بودجەی كەركوكەوە پابەند نەبێت، ئەوا هەرێم نەوتەكەی دەفرۆشێت و بودجەكەی بۆ دابین دەكات.
ماڵپەڕی حكومەتی هەرێم دیدارێكی‌ سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانی‌ بڵاوكردەوە كە تیایدا رایگەیاندوە: ئەگەر هەرێم خۆی ئەو نەوتەی رادەستی سۆمۆی كردووە لە بازاڕەكانی جیهان بیفرۆشتبایە ئەوا زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلاری دەست دەكەوت، كەچی بەغدا هێندەی ئەوە  ئەو برە پارەیە بۆ هەرێم نانێرێت .
وتیشی بەهۆی ئەو قەیرانە دارایەی لەسەر هەرێم سەری هەڵداوە   تائێستا نزیكەی 6 هەزار پڕۆژە لە هەرێم راگیراون و ئەوەش وایكردووە بازاڕی هەرێمی كوردستان كزی بەخۆیەوە ببینێت و بەڵێندەرانیش بكەونە گرفتی گەورەی داراییەوە.
ئەوەشی‌ خستەڕوو كە بەپێی یاسای ژمارە پێنجی ساڵی 2013ی پەرلەمانی كوردستان، حكومەتی هەرێم بۆی هەیە هەر رێگەچارەیەك بگرێتەبەر بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی خەڵكی كوردستان و رێگەچارەی سەرەكیش لەمبارەیەوە فرۆشتنی راستەوخۆی نەوتی هەرێمی كوردستانە وەكو سەرچاوەی سەرەكی بۆ دابینكردنی بودجەی هەرێم.
وتەبێژی‌ حكومەتی‌ هەرێم راشیگەیاند كە كۆمپانیاكانی جیهانیەكانی نەوت جددییەتیان لەبارەی هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بۆ پرسی فرۆشتنی راستەوخۆی نەوتەكەی نیشانداوەو خەرجییەكانی مانگانەی هەرێمیشی بۆ مووچە و پڕۆژە و هەموو خەرجییەكانی دیكە بە نزیكەی ملیارێك دۆلار خەمڵاندوە.
هەر لە دیدارەكەدا سەفین دزەیی ئاشكراشیكردوە كە حكومەتی هەرێم بڕیاری داوە ئەگەر بەغدا بە دابینكردنی بودجەی كەركووكەوە پابەند نەبێت، ئەوا نەوتی كەركوكیش بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەفرۆشرێت و هەرێمی كوردستانیش بوودجەی ئەو شارە و پارەی پترۆدۆلاریش بۆ كەركوك دابین دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆكردن لەگەڵ پارێزگار و  ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بەردەوامی هەیە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە