کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

حكومەتی هەرێم گۆڕانكاری لە سیستمی مووچەدا دەكات

.

09:41 PM - 02/08/2017

د.ئاراس خۆشناو ئەندامی لیژنەی پێداچوونەوەی مووچە رایدەگەیەنێت: سیستمی پاشەكەوتی مووچە نادادپەروەری زۆری تێدایە‌و تاوەكو دوو مانگی دیكەش سیستمی نوێی مووچە جێبەجێ‌ دەكرێت،‌ كە لەسەر بنەمای مووچەی بنەڕەتی دەبێت لەگەڵ هەژماركردنی دەرماڵە جێگیرەكان.
د.ئاراس خۆشناو بە ڕۆژنامەی ئاژانسی راگەیاندوە: سیستمی پاشەكەوتی مووچە نادادپەروەری زۆری تێدایە، لەسەدا 44 ی مووچەخۆرانی كەرتی سەربازی هیچ بڕە پارەیەك لە مووچەكانیان پاشەكەوت نەكراوە، لەسەدا 30ی فەرمانبەرانی كەرتی شارستانیش، ئەوانەن كە خزمەتیان زۆرە‌و بڕوانامەی بەرزیان هەیە‌و چارەكە مووچەیەكیان پێدراوە.
وتیشی: بەپێی سیستمی پاشەكەوت، حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە 650 ملیار دینارە بۆ دابەشكردنی مووچە، بەڵام حكومەت دەتوانێت لەسەدا 74 پۆینت 8ی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بدات، بۆ ئەو پێشنیارەش لەسەر ڕەئی بانكی نێودەوڵەتی ڕاوەستاوین، بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بكات لە ڕووی دادپەروەری لە دابەشكردنی مووچەدا.
ئەو ئەندامەی لیژنەی پێداچوونەوەی مووچە ئاماژەی بەوەشكرد: حكومەتی هەرێم بەنیازە مانگانە 85 ملیار دینار بەسەر مووچەی فەرمانبەراندا دابەش بكاتەوە، واتە هەر مووچەخۆرێك مووچەی‌ بنەڕەتی‌و دەرماڵە جێگیرەكانی‌ پێ دەدرێت، ئەوپەڕی دوو مانگی دیكەیە سیستمی نوێی مووچە جێبەجێ‌ دەكرێت،‌ كە لەسەر بنەمای مووچەی بنەڕەتی دەبێت لەگەڵ هەژماركردنی بڕوانامە‌و خزمەت‌و خێزان و چەند پێوەرێكی دیكە‌و پاشەكەوت نامێنێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە