کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

هەڤاڵ مەلا بەختیار پێشوازی لەكونسوڵی بەریتانیا لەكوردستان كرد

.

09:46 AM - 01/07/2015

هەڤاڵ مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەبارەگای مەكتەبی سیاسی لەسلێمانی، پێشوازی ئەنگس مەكی، كونسوڵی بەریتانیا لەهەرێمی كوردستان كرد

كردو لەگفتوگۆیەكی هەمەلایەنەشدا، دۆخی ئێستای ناوچەكە، دەوڵەتانی هەرێمایەتی، عیراق‌و دواهەمین گۆڕانكارییەكانی كوردستانی تاوتوێكردو تیایدا تەئكیدی كردەوە كە"سەرەنجامی كۆبوونەوەو گفتوگۆكانی كۆمیتەی باڵای یەكێتیی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكاندا، گەڵاڵە دەكرێت‌و تەنها لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا، دوا بڕیاری دروست‌و پێویستی لەبارەوە دەدرێت".

لەو دیدارەدا، كە ئەمڕۆ (30/6/2015) بەڕێوەچوو، تیایدا دوایئەوەی كونسوڵی گشتی بەریتانیا پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی كردو چل ساڵەی ئەزمونی خەبات‌و سیاسەتی یەكێتیی، بەئومێدی سەركەوتن‌و ئاییندەیەكی باشتری خەباتی سیاسی‌و دیموكراسی بۆ یەكێتیی ناوبرد.

لەلایەن خۆشییەوە، هەڤاڵ لێپرسراوی دەستەی پاش ئەوەی شرۆڤەی كۆی هەلومەرجی نوێی ناوچەكە، دیاردەو دەركەوتە نوێیەكان كردو پێویستی وردبوونەوەی قوڵی بۆ هەر ئەگەرێك بەگرنگ زانی، هاوكات ئاماژەی بەقەیران‌و كێشەكانی عیراق‌و كورستان كردو لەنێویشاندا، سەرنجەكانی سەبارەت بەقەیرانی ئابوری خستەڕوو، تیایدا پشتیوانی یەكێتیی بۆ لیژنەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەپێناو چارەسەری قەیرانی ئابوری راگەیاندو وتیشی: ئەگەرچی ئەمجۆرە قەیرانانە بەخێرایی تێناپەڕێت، بەڵام دەبێ‌ لێپرسراوێتی لەئەستۆ بگریت‌و بەرنامەو پلانی وردیشت بۆ چارەسەركردنیشی هەبێ‌.
سەبارەت بەدۆخی هەرێكی كوردستانیش، هەڤاڵ لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، وەبیریهێنایەوە، كە یەكێتیی هێزێكی دیموكراتە، بەپێی ئەركەكانی دیموكراسی بڕیار دەدەین‌و ئەوەشی بەنمونە هێنایەوە كە لەساڵی (1991)ەوە لەسەرجەم هەڵبژاردنەكاندا، یەكێتیی دەنگی كەم یازۆری بەدەستهێنابێ‌، ئەنجامەكانمان قبوڵ كردووەو لەهەموو خولەكانی پەرلەمانیشدا، سەرەنجامی دەنگدانەكانمان، لەگەڵمان بوبێ‌ یان دژمان بوبێ‌، سەلماندومانە. ئەگەر هەر كێشەیەكی سیاسیش هاتبێتە ئاراوە، بەدیالۆگ چارەسەرمان كردووە.

هاوكات كۆبوونەوەكەی رۆژی (23)ی حوزەیرانشی بەكۆبوونەوەیەكی ئاسایی‌و یاسایی ناوبردو تیایدا جەختیشیكردەوە، كە یەكێتیی لەبنچینەی هەڵوێست‌و بریاری رەسمكراوی خۆی، پاشگەزنابێتەوە.

راشیگەیاند: هەر جۆرە سازانێك لەسەر بنچینەی سیاسی‌و یاسایی دێتەئاراوەو لەو چوارچێوەیەشدا، ئاماژەی بەبڕیارو سیاسەتی یەكێتیی كرد، بۆ هەمواركردنەوەی دەستورو گەڕانەوەی بۆ پەرلەمان، هەروەك پێویستە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لەناو دەستوردا بەسازان هەموار بكرێتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە سەرەنجامی كۆبوونەوەو گفتوگۆكانی كۆمتەی باڵای یەكێتیی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكاندا، گەڵاڵە دەكرێت‌و تەنها لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا دوا بڕیاری دروست‌و پێویستی لەبارەوە دەدرێت‌و تەئكیدیشی كردەوە، كە یەكێتیی بەرژەوەندی نەتەوەیی، دیموكراسی‌و حزبەكەمان پێكەوە دەبەستین‌و ئامانجی سەرەكیشمان سازانە‌و بەشێكین لەچارەسەر، بۆیە بەیەك ماوە بەرامبەر سەرجەم لایەنەكان دەوەستین. لەو روانگەیەشەوە، گەشبینی خۆی بەرامبەر سازانی نیشتمانیی‌و یاسایی نیشاندا.

لەبەرامبەریشدا، ئەنگس مەكی، باڵیۆزی گشتی بەریتانیا لەهەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەسەردانەكەی جێگری سەرۆكی حكومەت‌و وەفدە یاوەرەكەی كرد، بۆ بەریتانیاو لەو رووەشەوە، پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ ریفۆرمی ئابوری‌و سیستمی بازرگانی لەكوردستاندا خستەڕوو، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە رێز لەهەربڕیارێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرن سەبارەت بەهەر جۆرە ریفۆرمێكی ئابوری‌و بازرگانی‌و راشیگەیاند: ئێمەی هاوڕێكانتان لەڕووی تەكنیكییەوە هاوكارو پشتیوانتان دەبین. چونكە هەر جۆرە پێشكەوتنێكی ئابوری لەكوردستاندا، نەك بەتەنها بۆ كوردستان بەڵكو بۆ ئێمەش گرنگەو جێگەی بایەخە.
هەروەك ئاماژەی بۆ هاوكاری‌و پشتیوانییە لۆجستیكییەكانی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دوپاتكردەوەو راشیگەیاند: سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەتەنها هەر هی ئێوە نییە، بەڵكو هی ئێمەشە.
سەبارەت بەبارودۆخی هەرێمی كوردستانیش، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە رێككەوتن‌و هەر جۆرە سازانێك لەنێوان هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەگرنگ‌و پڕ بایەخ دەبینن‌و سەبارەت بەدیموكراسی چاوەڕوانی زیاتر لەهەرێمی كوردستان دەكەین. داواشیكرد، یەكێتیی هەوڵەكانی زیاتر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بخاتەكار.

 

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە