کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بانكی ناوەندی بڕیاری نوێ‌ بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلاری ئەمریكی دەردەكات

.

11:01 AM - 17/06/2015

 بانكی ناوەندی عیراق بڕیاری نوێ‌ بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلاری ئەمریكی دەردەكات‌و هاوڵاتیانیش بەنرخی ڕەسمی دۆلاریان پێدەدرێت.
نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق بە كەناڵی گەلی كوردستانی راگەیاند: بانكی ناوەندی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق‌و ژمارەیەك پسپۆڕ كۆبوەتەوە، بەمەبەستی رێگرتن لە دابەزینی بەهای دینار، هەر لەو كۆبونەوەیەدا ژمارەیەك بڕیاری گرنگ دەركراون.
وتیشی: بڕیاردراوە خستنەڕووی دۆلار زیادبكرێت بەجۆرێك، چەند خواست لەسەر دۆلار هەبێت، ئەوەندە بخرێتە بازاڕەوە، هەروەها لەمەودوا رۆژانی شەممەش بانكی ناوەندی دۆلار دەخاتە بازاڕەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیاردراوە تاوەكو بڕی 5 هەزار دۆلار بدرێتە ئەو هاوڵاتیانەی كە سەفەری دەرەوەی وڵات دەكەن، بۆ ئەوەی بە نرخی ڕەسمی دۆلاریان دەست بكەوێت، كە هەزار‌و 200 دینارە بۆ هەر دۆلارێك.
هەروەها بانكی ناوەندی بڕیاریداوە ڕێژەی لەسەدا هەشتی باج‌و گومرگ لەسەر فرۆشتنی دۆلار بە بازرگانان لابەرێت، ئەمەش وادەكات بەو ڕێژەیە بەهای دۆلار دابەزێت.
سەبارەت بەئایندەی بەهای دۆلاریش، وتی: ڕێوشوێنەكانی بانكی ناوەندی كاریگەری باشی لەسەر دابەزینی بەهای دۆلار دەبێت، بەڵام ناگاتەوە ئاستی ساڵانی رابردوو، چونكە داهاتەكانی عیراق كە بەشی هەرەزۆری بەدۆلارە، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە كەمیكردوە، سەرەڕای ئەوەش شەڕی داعش خەرجیەكی زۆری دەوێت كە دەبێت حكومەتی عیراق دابینی بكات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە