كه‌ژی هاوتا
05:02 PM - 11/03/2015
كچه گۆرانیبێژ كه‌ژی هاوتا ئه‌سعه‌د گۆرانییه‌كی نوێ به‌ناوی (ماڵێك له‌خۆشه‌ویستی)، تۆمارده‌كات و ده‌شڵێت تا ئێستا هه‌ركارێكی هونه‌رییم كردبێت، له‌گه‌ڵ براكه‌م، له‌سه‌ر ئه‌رك و گیرفانی باوكم بووه.
كچه گۆرانیبێژ كه‌ژێ هاوتا ئه‌سعه‌د گۆرانییه‌ك به‌ناوی ماڵێك له‌خۆشه‌ویستی تۆمارده‌كات كه له‌هۆنراوه‌ی شه‌فیق بهیادهو ئاوازه‌كه‌شی له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند هاوتا ئه‌سعه‌د دانراوه‌و كاری میوزیكیشی له توركیا بۆ كراوه.
له‌لێدوانێكیشدا تایبه‌ت به‌خه‌ندانی راگه‌یاند: ئه‌و گۆرانییه له‌ئه‌نجامی سه‌یركردنی یه‌كێك له‌ئه‌ڵقه‌كانی به‌رنامه‌ی (ناوازه) له‌كه‌ناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی بوو، دواتر باوكم په‌یوه‌ندیكرد بهئامادهكارو پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه، دوای گفتوگۆكردن و گۆڕێنه‌وه‌ی چه‌ند رایه‌كی جیاواز، باوكم بڕیاڕیدا گۆرانییه‌ك تۆماربكات له‌سه‌ر ئه‌و ماڵه‌ی، كه وه‌ك بێ نه‌وایه‌ك، كه‌سێك له‌باوه‌شی گرتوون و كاری بۆ ده‌كه‌ن.
وتیشی: ئه‌و گۆرانییه به‌ته‌نیا من ده‌یڵێم، به‌ڵام باوكم وه‌ك چۆن له‌هه‌موو كارێكی هونه‌ریدا هاوكارم بووه، له‌و گۆرانییه‌شدا هاوكارم ده‌بێت.
ده‌شڵێت: له‌هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه په‌یامی ئه‌و گۆرانییه ئه‌وه‌یه، هه‌موومان به‌باشی له‌ئازاری ئه‌و كه‌سانه تێبگه‌ین كه ژیان به‌و جۆره به‌ڕێده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌و مرۆڤ دۆستانه‌ی، كاتێك ماڵ و ژیانی خۆیان ته‌رخان ده‌كه‌ن بۆ خزمه‌تی كه‌سانێك كه هیچ په‌ناو داڵدهیهك شك نابه‌ن، له‌و كاته‌دا جێگای خۆیه‌تی ستایش بكرێن.
له‌باره‌ی ئه‌ركی به‌رهه‌م هێنانی ئه‌و گۆرانییه كه له‌سه‌ر ئه‌ركی كێ تۆمارده‌كرێت؟ كه‌ژێ ئاماژه‌ی بۆئه‌وه كرد كه تا ئێستاكه هه‌ر كارێكی هونه‌رییمان كردبێت، به‌تایبه‌تی كاره‌كانی من و (محه‌مه‌د)ـی برام، له‌سه‌ر ئه‌رك و گیرفانی باوكم بووه.
ده‌شڵێت: له‌وه‌ته‌ی ئه‌م باروودۆخه رووی له‌كوردستان كردووه، 2 گۆرانییم پێشكه‌شی پێشمه‌رگه‌و خاكی كوردستان كردووه.
هه‌روه‌ها ئاماژه بۆ ئهوهشدهكات كه تائێستا ئه‌و گۆرانییانه‌ی تۆماری كردوون، زۆرینه‌یان بۆ نیشتمان و پێشمه‌رگه‌و كه‌ركوك و كوردستان بووه، كه‌چی هه‌مووی له‌سه‌ر گیرفانی باوكم بووه، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ش هه‌ر به‌و شێوه‌یه ده‌بێت.
وتیشی: ئه‌و گۆرانییه كه له‌ئێستادا كاری تۆماركردنی ته‌واوبووه، دوای ئه‌وه‌ش بیرله‌وه ده‌كه‌ینه‌وه كاری كلیپكردنی بۆ به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نین ئه‌و به‌رهه‌مه‌ش به‌یه‌كێك له‌و به‌رهه‌مانه‌ی داده‌نێم، كه له‌ژیانی هونه‌ریی خۆم شانازی پێوه‌ده‌كه‌م، چونكه به‌رهه‌مه‌كه ته‌واو بۆ خزمه‌ت و پێناسه‌ی ئه‌و مرۆڤه بێ نه‌وایانه وتراوه، كه هیچ كه‌سێكیان نییه جگه له‌خودا، بۆیه منیش ئه‌و به‌رهه‌مه له رێگه‌ی ده‌نگی كه‌ژێ وه‌ك په‌یامێك ئاڕاسته‌ی ده‌سه‌ڵات و هه‌موو ئه‌وانه ده‌كه‌م، كه خۆیان به مرۆڤ دۆست هه‌ژمار ده‌كه‌ن.
whqzsGot6V0
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە