کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مووچەی فەرمانبەران دابەش دەكرێت

.

10:52 AM - 14/06/2015

وەزارەتی‌ دارایی‌ ‌و ئابوری‌ هەرێم ئاشكرای دەكات، ئەو پارەیەی‌ بەغدا وەك بودجەی‌ مانگی‌ ئایار بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانی دیاری كردوە، گەیشتۆتە هەرێمی كوردستان‌و سبەینێش دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.
لە راگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ كەناڵی گەلی كوردستان نێردراوە، وەزارەتی دارایی‌و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندوە، بڕی 508 ملیار‌و 815 ملیۆن دیناریان لە بەغداوە بەدەست گەیشتووەو لە سبەینێشەوە دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی نیسانی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن.
گەیشتی ئەو برە پارەیەش بە هەرێم پاش ئەوەدێت كە رۆژی دوو شەممەی رابردوو حكومەتی عیراق بڕی 508 ملیار‌و 815 ملیۆن دیناری وەكو بودجەی مانگی ئایار خستەسەر ژمارە حسابی هەرێمی كوردستان و لە بەرامبەریشدا بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەڵێن، لەمانگی ئایاردا ڕۆژانە 577 هەزار بەرمیل نەوتیان لەڕێی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی بەندەری جەیهان كردوە‌و كۆی داهاتی ئەو نەوتەش نزیكەی یەك ملیار دۆلار بووە، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی بەغدا بۆ مانگی ئایار ڕەوانەی هەرێمی كوردستانی كردووە، ناگاتە نیوەی داهاتی ئەو نەوتەی هەناردەكراوە.
تائێستاش لە چەند بۆنەیەكدا سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەئكیدیان كردۆتەوە، كە بەغدا غەدر لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكات‌و ئەگەر پابەند نەبێت بەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، ئەوا رێگەچارەی دیكە دەگرنەبەر، یەكێك لەو بژاردانەش فرۆشتنی نەوتە بەشێوەیەكی سەربەخۆ.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە