کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پەیامی شۆرش ئیسماعیل لە یادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

.

02:06 PM - 29/05/2015

لە یادی ٤٠ ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی و ٣٩ ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێدا سڵاو و خۆشەویستیمان بۆ سەرۆك مام جەلال و هەموو تێكۆشەرانی ڕێبازی كوردایەتی و سەری ڕیز

و وەفا بۆ گیانی شەهیدەكانمان و خۆشەویستیمان بۆ كەسوكارە سەربەرزەكانیان.
بۆ چل ساڵ دەچێت یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە دروشم و پەیام و بەرنامەی نوێ وە ،ڕێبازێكی نوێی كوردایەتی لە مەیدانی خەبات و تێكۆشاندا ڕەنگ ڕێژ كرد و كوردایەتی لە بنەڕەتەوە گۆڕی و وەك حیزبێكی كراوەی بڕوابوون بە فرە ڕەنگی لە خەباتدا و پشتیوانی كوردایەتی لە پارچەكانی تری كوردستان دا زەنگی زوڵاڵی دروستبوونی خۆی ڕاگەیاند و خەڵكی دڵخۆش و دوژمنان و نەیارانی كە بەهۆی سەركەوتنیان بەسەر شۆڕشی كوردا لەوپەڕی لوت بەرزی و مەستی دا بوون دا.ئەم هەواڵە وەك گورزێكی كەمەرشكێن وابوو بۆ جەستەو بیرو باوەڕی گڵاوی داگیركەران ،هەرزوو كەوتنە داڕشتن و جێبەجێكردنی پیلانی شومی ڕاگواستن و بە عەرەب كردن و بە بەعسی كردن.
دوای ساڵێكیش لە دروستبوونی یەكێتی بانگی دەستپێكردنەوەی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان وەك هەورە بروسكە سەرتاسەری كوردستانی گرتەوە وە بەم هەواڵە دڵخۆشكەرە هەوری ڕەشی نائومێدی لە ئاسمانی كوردستان ڕەوایەوە و لەسەر دارو پەردووی ڕابردوو سەنگەری كوردایەتی ئاوەدان كرایەوە و هەنگاو بە هەنگاو قۆناغ بە قۆناغ لە مەفرەزە سەرەتاییەكانەوە بۆ بانگەشەی خەباتی چەكداری و شەڕی پارتیزانی و ڕزگاركردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەعس ولە هەرێمەوە بۆ تیپ و مەڵبەندەكان .كە توانرا زەبری كاریگەر و گورچكبڕ لە دام ودەزگا داپڵۆسێنەر و هێزەكانی بەعسی لەناوچو بوەشێنێ و شێوە فەرمانڕەواییەكی پێشكەوتوو دیموكراتی لە ناوچە ڕزگاركراوەكان دابمەزرێنێ هەر لە كردنەوەی خوێندنگا و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گوندەكان و دامەزراندنی دادگای شۆڕش و خەستەخانە و برەودانی فراوان بە چاپ و بڵاوكراوەكان و ڕاگەیاندن و دامەزراندنی ڕادیۆی دەنگی شۆڕشی نوێ ی گەلی كوردستان كە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە تاسەوە چاوەڕێی هەواڵەكانی بوون ئەمانە بەشێكن لەو خەرمانە زۆرەی دەستكەوتی كوردایەتی كە لە ژێر باری ئاگر وئاسنی بەعسییە داگیركەرەكاندا ی.ن.ك برەوی پێدەدا و ئەوپەڕی ئازادی و سەربەستی لەو ناوچانەدا بۆ هەموو لایەك و تاكێك دابینكرابوو.
قۆناغی ڕاپەڕین لە ژێر چەتری بەرەی كوردستانی و هەنگاونان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و شارەوانییەكان و ئەنجومەنی پارێزگاكان و دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەنگدانەوەی ئەو دروشمە دێرینەی مافی جارەی خۆنوسین بوو كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاخەوە هەزاران شەهیدی قارەمانی لەو پێناوەدا بەخشیوە ئێستاشی لەگەلدا بێت بووە دروشمی ڕاست و دروستی جولانەوەی رزگاریخوازی كورد
مێژووی چل ساڵەی یەكێتی مێژویەكی درەوشاوەی پڕاو پڕ لە دەستكەوتی نەتەویی ونیشتمانییە و ئەوپەڕی سەربەرزی و شانازی بوو بۆ هەموو ئەوانەی ڕۆژێك لە ڕۆژان بە شێوەیەك لە شێوەكانی خەباتی سیاسی ،پێشمەرگایەتی ،ڕێكخراوەیی و ڕۆشنبیری و پیشەییان تێدا كردووە یان لە ژێر چەتر و سێبەری ئەم حیزبەدا بەوپەڕی ئازادی سەربەستییەوە توانیویانە بنوسن و قسەی خۆیان بكەن و دەیان ڕۆژنامەو گۆڤار و بڵاوكراوە ڕادیۆ تەلەفیزیۆن دابمەزرێنن.بۆیە هەمیشە وتومانە یەكێتی لەكوێ بێت دیموكراتیش لەوێ پارێزراوە.
ئەمڕۆش كە یادی ڕۆژ بە ڕۆژ و قۆناغ بە قۆناغی ئەو مێژووە پڕ لە سەروەرییە دەكەینەوە یادی هەموو شەهیدە سەربەرزەكانی كوردایەتی دەكەینەوە لەگەڵ ڕۆحی پڕ لەنوریاندا دەبێت لە حزوری هەڤاڵ مام جەلالدا ڕەخنە لە خۆمان بگرین و بڵین باشمان نەهێناوە و ئەو ئەرك و بەرپرسیارێتییەمان لەنگی تێدایە و بەڵێن و پەیمان بە تۆو هەموو یەكێتیەكان دەدەین كە كێشەكانمان بە ڕۆحی هەڤاڵانە وە چارەسەر دەكەین و خەم سارد و بێباك نابین بەرامبەر بەئیستا و ئایندەی یەكیتی و ڕیبازەكەی كوردایەتی كە ئێوەش هەموو تەمەنی خۆتان پێبەخشیوە.
بەم هەنگاوەش ڕۆحی شەهیدەكانمان ئاسوودە دەكەین و یەكێتی بەهێزتر و یەكێتیەكان دڵخۆشتر دەبن
سڵاو و وەفا بۆ شەهیدان
سڵاو و خۆشەویستی بۆ پێشمەرگە
سڵاو بۆ هەموو تێكۆشەرانی كوردایەتی
شۆڕش ئیسماعیل
29/5/2015

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە