کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

له ساڵیادی دامه‌زراندنیدا مێژووی ی.ن.ك به زمانی فارسی بڵاوده‌بێته‌وه

.

09:51 PM - 24/05/2015

کتێبی مێژووی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان له نوسینی دکتۆر سه‌روه‌ر عه‌بدولره‌حمان و وه‌رگێڕانی سامان سلێمانی له‌ژێر ناوی "تاریخ اتحادیه‌ی میهنی کوردستان" له شاری تاران له‌چاپ درا. به بۆنه‌ی ٤٠ه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان به‌رگی یه‌که‌می مێژووی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان که باس له رووداوه‌کانی ساڵانی ١٩٧٥ و ١٩٧٦ ده‌کات له لایه‌ن ناوه‌ندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی دات له تارانی پایته‌ختی ئێران له‌چاپ دراوه‌و که‌وته به‌ردیدی خوێنه‌ران. سامان سلێمانی وه‌رگێڕی ئه‌م کتێبه که پێشتریش کتێبی سه‌رۆک کۆماری پێشمه‌رگه‌ی وه‌کوو به‌شێک له بیروه‌رییه‌کانی جه‌نابی مام جه‌لال به زمانی فارسی بڵاوکردۆته‌وه له وتووێژێکی تایبه‌تدا پێی راگه‌یاندین: ئه‌م کتێبه له ٤ به‌شی سه‌ره‌کی پێکهاتووه، به‌شی یه‌که‌می له‌ژێرناوی بارودۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی باشووری کوردستان له ساڵی ١٩٧٥، باس له هۆکاره‌کانی شکستی شۆڕشی ئه‌یلول و کاریگه‌ری ئه‌م شکسته له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردستان ده‌کات، به‌شی دووه‌می کتێبه‌که قۆناغی دوای شکستی ١٩٧٥ و سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌یه‌کی نوێ له مێژووی کورددا باس ده‌کات که دامه‌زراندنی یه‌کێتی و پێکهاته‌کانی و به‌رنامه‌و پلانی یه‌کێتی و ئامانجه‌ سیاسی و ستراتیژه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی یه‌کێتی باس ده‌کات. به‌شی سێهه‌می ئه‌م کتێبه باس له ده‌ستپێکردنی شۆڕشی نوێ ده‌کات له ساڵی ١٩٧٦ و تیایدا قۆناغه‌کانی ئه‌م به‌شه گرنگه له مێژووی یه‌کێتی باس ده‌کات، له به‌شی چواره‌میشیدا باس له په‌یوه‌ندییه‌کانی یه‌کێتی له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان له‌وانه هێزه کوردستانییه‌کان، هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌کانی عیراق، بزووتنه‌وه‌ ئازادیخوازه‌کانی ناوچه، حکومه‌ته‌کانی ناوچه‌که و زلهێزه‌ جیهانییه‌کان باس ده‌کات. سامان سلێمانی هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: ئه‌م کتێبه ٤ پاشکۆی تایبه‌تیشی له‌خۆگرتووه، پاشکۆی یه‌که‌م به‌یانی دامه‌زراندنی یه‌کێتییه، پاشکۆی دووه‌م نامه‌یه‌کی مێژوویی جه‌نابی مام جه‌لال‌ه که له ساڵی ١٩٧٦ بۆ  به‌ڕیزان ئیدریس و مه‌سعود بارزانی نوسیوه‌، پاشکۆی سێهه‌م نامه‌یه‌کی دیکه‌ی مام جه‌لال‌ه که بۆ عه‌لی عه‌بدوڵڵای نوسیوه‌و پاشکۆی چواره‌م ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی مام جه‌لال‌ه که له ١/٦/٢٠١٢ به بۆنه‌ی ٣٧ه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌کێتی له ته‌له‌ڤزیۆنی گه‌لی کوردستان بڵاوکرایه‌وه‌و بۆ یه‌که‌مجار دامبه‌زاندووه‌و دوای وه‌رگێڕانی به زمانی فارسی له‌م کتێبه‌دا بڵاوم کردۆته‌وه.

 

5951182452015_saman-slemani.png

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە