کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆكی هەرێم هەواڵێكی ئێن ئاڕ تی رەتدەكاتەوە

.

01:03 PM - 22/05/2015

سەبارەت بە هەواڵێكی چەواشەكارانە لە كەناڵی ئێن ئار تی نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆكی هەرێم رونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە. لە رونكردنەوەكەی نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە: لەهەواڵەكانی شەوی پێنج شەممە رێكەوتی 21/5/2015، كەناڵی ئێن ئار تی هەواڵێكی چەواشەكارانەو بێ بنەماو دوور لەڕاستی بڵاوكراوەتەوە، كە گوایە كۆسرەت رەسوڵ پارتی دیموكراتی كوردستانی لە مەترسی لێكنزیكبوونەوەی یەكێتیی و گۆڕان ئاگاداركردبێتەوە. ئێمە سەرلەبەری ئەو هەواڵە بەچەواشەكاری لەقەڵەم دەدەین و بەدرزی دەخەینەڕوو، لەو باوەڕەشداین بڵاوكردنەوەی ئەمجۆرە هەواڵانە لەم كاتە پڕمەترسییەدا كە روبەڕوی هەرێمەكەمان دەبێتەوە كارێكی بەرنامە بۆ داڕێژراوە، مەبەستیش تێكدانی یەكڕیزی و تەبایی گەلەكەمانە بەتایبەت لەم ساتەوەختەدا كە هەلومەرجی سیاسی گەلەكەمان و ناوچەكە بەئاقارێكی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت. لەكۆتایی رونكردنەوەی نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆكی هەرێمدا ئەوەش خراوەتەڕوو: كۆسرەت رەسوڵ بەردەوام تەئكید لەسەر یەكڕیزی گەلەكەمان و لێكنزیكبوونەوەی هەموو ئاراستە سیاسییە جیاجیاكانی دەكاتەوە، بە لێكنزیكبوونەوەی یەكێتی و گۆڕانیشەوە لە چوارچێوەی پاراستنی تەبایی و یەكڕیزی گەلەكەمان، واشیدەبینی كە بنكەی جەماوەری یەكێتی و گۆڕان مێژوویەكی هاوبەشی پڕ لە خەبات و قوربانیدانیان هەیە. هەموو لایەكیش دڵنیا دەكەینەوە كە لێكنزیكبوونەوەی یەكێتی و گۆڕان ئەگەر هەبێت لەسەر حیسابی هیچ لایەنێكی سیاسی كوردستانی نییەو نابێت، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە