کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەردەوامیی هاوكارییەكان و فراوانكردنی هەماهەنگییەكان فاكتەرێكی گرنگن بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەكانی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا

.

09:56 PM - 07/05/2024

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ خاتوو ئەلیزابێس ریچارد، رێکخەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دۆخی ئەمنیی ناوچەكە، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەردەوامیی هەماهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەكان تاوتوێكران.

 

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی رۆڵی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریكای كرد لە هاوكاریكردن و بەرەوپێشبردنی توانا سەربازی و هەواڵگرییەكانی هەرێمی كوردستان و رایگەیاند، بەردەوامیی هاوكارییەكان و فراوانكردنی هەماهەنگییەكان فاكتەرێكی گرنگن بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەكانی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا.

 

لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ جگەلەوەی راپۆرتێكی وردی لەبارەی دوایین رووداوە ئەمنییەكانی ناوچەكە و پاراستنی ژیانی خەڵكەوە پێشكەشكرد، وتیشی، مەترسییەكانی تیرۆر بەردەوامن، نادیدەگرتنی جووڵەكانیان سەقامگیریی ناوچەكە دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە هەڕەشەیەكی جدی لەسەر ژیانی خەڵك، بۆیە بەردەوامیی هەماهەنگییەكان لەنێوان هێزەكانی هەرێمی كوردستان، عیراق و ئەمریكا لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكاندا، هەنگاوێكی گرنگ و كاریگەرە بۆ بنبڕكردنی تیرۆریستان و پاراستنی ئارامیی ناوچەكە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە