کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ: دەبێت هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆی بەرێوەبچێت

.

07:18 PM - 30/04/2024

 فراكسیۆنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تەئكید دەكەنەوە لەوەی بە توندی هەموو هەوڵێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رەتدەكەنەوە.

ئەو پێنج فراكسیۆنە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و ئاماژەیان بەوەكردووە: ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لەكاتی دیاریكرداوی خۆی لە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ، مافێكی یاسایی و دەستووری و دیموكراسی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانە، ئەوەشیان خستەڕوو، تائێستا سێ جار ئەم هەڵبژاردنە لەسەر بڕیار و ئارەزووی لایەنێكی سیاسی دیاریكراو دواخراوە، كە ئەمەش تەواوی پێچەوانەی بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دادگای فیدراڵی عیراق و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراقە.

فراكسیۆنەكانی یەكێتیی و یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەوەشیان خستۆتەڕوو، دروستكردنی بەربەست لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا، سووكایەتیكردنە بە بریاری سەرۆكایەتی هەرێم و دادگای فیدراڵی و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ئەو فراكسیۆنانە تەئكیدیشیانكردووەتەوە لەوەی هیچ لایەنێكی سیاسی مافی ئەوەی نییە، بەپێچەوانەی لایەنە یاسایی و دەستوورییەكان هەڵسوكەوت بكات و بڕیار بدات.

لە كۆتایی نووسراوەكەشدا فراكسیۆنەكان داوایان لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی فیدراڵ و پەرلەمانی عیراق و لایەنەكانی تر كردووە، بەتوندی رووبەڕووی هەموو هەوڵێك ببنەوە كە رێگری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بكات

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە