کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق کۆبووەوە

.

06:27 PM - 30/04/2024

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و چەند بابەتێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە ( ٣٠ نیسانی ٢٠٢٤) لە هەولێر بەڕێوەچوو و کونسوڵی گشتیی بەریتانیا بە وەکالەت و جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەیبوون، باڵیۆزی بەریتانیا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە پرسیاری لە جێگری سەرۆک وەزیران کرد و لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی، جەختی کردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و رایگەیاند: دواخستنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن زیان بە پێگەی هەرێم دەگەیەنێت و هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە. 

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە هێرشکردنەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کرا کە چەند رۆژێک پێش ئێستا کرایە ئامانج، جێگری سەرۆک وەزیران نیگەرانی خۆی نیشاندا و رایگەیاند: بەردەوامبوونی ئەمجۆرە هێرشانە زیان بە سەقامگیریی عیراق و کوردستان دەگەیەنێت. وتیشی: لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و لایەنە عیراقییەکان لەسەر خەتین بۆ دۆزینەوەی جێبەجێکارانی ئەو کردەوەیە و کاریش لەسەر کۆتاییهێنان بەم جۆرە هێرشانە دەکەن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان و عیراق کرا و جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی هەر گرفتێکی سیاسی کرایەوە لەڕێی گفتوگۆوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە