کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

حاكم قادر: دەبێت لایەنەكان بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن

.

04:26 PM - 01/12/2015

حاكم قادر حەمەجان كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند لەم قۆناغە هەستیارەی گەلەكەمان پێیدا تێپەڕ دەبێت و بۆ چارەسەركردنی گیروگرفت و كێشەكانی نێوان لایەنە سیاسیەكان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەخت دەكاتەوە كە تەنیا رێگای دەربازبوون و چارەسەر گفتوگۆ و دیالۆگەو پێویستە ببێتە ئەولەویەت لای هەمووان.

كارگێڕی مەكتەبی سیاسی لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی ی.ن.ك كە ئەمڕۆ (1/12/2015) لە بارەگای كۆمەڵەكە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، رۆشنایی خستەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و وردەكاری هەوڵەكانی یەكێتی بۆ لێكنزیكردنەوەی لایەنەكان و گەیشتن بە چارەسەر خستەڕوو.

حاكم قادر وێڕای ستایشی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە رۆڵێكی گەورەو قارەمانانەیان لە پاراستنی هەرێمی كوردستان لە هێرش و پەلاماری تیرۆریستان گێڕاوەو بوونەتە جێگای رێزو پێزانینی هەموو جیهان. هەروەها یەكگرتوویی و یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكانیشی بە مەرجی سەرەكی بەهێزتربوونی هێزی پێشمەرگەو بەردەوامبوونی سەركەوتنەكانی لە سەنگەرەكانی بەرگری و زیادبوونی هاوكاری و پشتیوانییەكانی وەسفكردو وتی:یەكڕیزی و یەكگرتوویی لایەنەكان لە بەرژەوەندی باڵای گەلەكەماندایە و بەپێچەوانەشەوە نەبوونی یەكگرتووی و یەكڕیزی زیانی گەورە بەئامانجە نەتەوەییە باڵاكانمان و گەلەكەشمان دەگەیەنێت.

هەروەك بەپێزانینەوە باسی لە رۆڵی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان كردو وتی:ئێوە هەمووتان پێشمەرگەر خەباتكارو تێكۆشەرن و لەپێناو سەرفرازی و ئاسوودەی و رزگاری گەلەكەتاندا زۆرتان بەخشیوە، كۆمەڵەكەشتان رۆڵ و كاریگەری خۆی هەیە و كەس ناتوانێت لە قورساییتان كەم بكاتەوە یاخود نادیدەی بگرێت.

كارگێڕی مەكتەبی سیاسی باسی لە كێشە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان كرد كە بوونەتە مایەی نیگەرانی هەموو لایەك وتیشی: لەو روانگەیەوە و بۆ بەرژەوەندی باڵای گەلەكەمان یەكێتی هەوڵەكانی بۆ نزیككردنەوەی لایەنەكان و گەیشتن بەچارەسەر دەستپێكردوەو لەگەڵ لایەنە سەرەكییەكاندا كۆبووەتەوەو چەند بیرۆكەو پێشنیارێكی بۆ چارەسەر خستۆتەڕوو، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە تا ئێستا هەڵوێستی لایەنەكان لە بەرامبەر هەوڵەكانی یەكێتیدا ئیجابییەو هیوای خواست ئەنجامی دڵخۆشكەری لێ بكەوێتەوە بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەكان و پرۆسەی دیموكراسی.

تەئكیدیشی كردەوە كە یەكێتی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی بۆ گەیشتن بە چارەسەرو دەربازكردنی هەرێمی كوردستان لەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی بوونەتەوە، بەڵام بۆ سەركەوتنی ئەم هەوڵانەش پێویستە لایەنەكان بەجددی بێنە پێشەوە و لێپرسراوانە مامەڵە بكەن و هەوڵوێست بنوێنن.

كارگێڕی مەكتەبی سیاسی روونیشیكردەوە كە لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا، تەبایی و یەكڕیزی و یەكهێزی كوردی بۆتە داوایەكی هەنووكەیی و بەهۆكاری هێنانەدی ئامانجەكانی گەلەكەمان لێی دەڕوانرێت.

ئامادەبووانیش چەندین پرسیارو سەرنجیان لەبارەی بارودۆخی هەرێم و ناكۆكی لایەنەكان و كێشەكان خستەڕوو، كارگێڕی مەكتەبی سیاسیش وەڵام و روونكردنەوەی پێویستی لەبارەیانەوە پێشكەشكرد.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە