کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مەلا بەختیار: توركیا لەم قۆناغەدا، لەتاقیكردنەوەیەكی سیاسی، دیموكراسی سەختدایە

.

02:38 PM - 27/04/2015

بەمەبەستی پشتیوانی لەكاندیدەكانی بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی توركیا، رۆژی (25/4/2015) لەشاری لاهای پایتەختی سیاسی هۆڵەندا‌و بەئامادەبوونی هەڤاڵ مەلا بەختیار

، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی‌و بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كرد، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بانگەشەیەكی كراوەی بەڕێوەبرد، كە تیایدا ژمارەیەكی بەرچاو لەسیاسەتمەداران‌و كەسایەتی سیاسی پارتەكانی كوردستان‌و كوردەكانی ئەو وڵاتە ئامادەیبوون.
لەسەرەتای مەراسیمەكەدا، كە پاش ساتێك وەستان بۆ شەهیدانی كوردستان، دەستیپێكرد، هەڤاڵ مەلا بەختیار، لەوتەیەكدا بەناوی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانەوە، پشتگیریی‌و پشتیوانی بۆ كورد لەباكوری كوردستان راگەیاندو ئاماژدەی بۆ ئەوە كرد كە "ئەگەر بەعەقڵییەتی ناسیونالیزمی توركی، ئەگەر بەعەقڵییەتی مەزهەبی، ئەمجارەش توركیا، لەهەڵبژاردندا، تەنها حزبێك بباتە پەرلەمان‌و تەنها حزبێك حكومەت لەتوركیا پێكبهێنێت، بێگومان ئەمجۆرە ئەنجامەی هەڵبژاردن، قازانج بەتوركیا ناگەیەنێت".
ئەمەی خوارەوەش دەقی وتەكەی هەڤاڵ مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕییە.
ئامادەبوانی بەڕێز!
خۆشحاڵین لەگەڵ برای بەڕێز كاك مەحمودی حاجی مەحمود، سكرتێری پارتی سۆسیالیستی كوردستان‌و كۆمەڵێك لەهەڤاڵان، دۆستان‌و دڵسۆزانی باشوری كوردستان، لەم بۆنەیەدا بەشداریتان دەكەین، لەم هەڵمەتەدا، بۆ هەڵبژاردن لەسەرانسەری توركیا، ئومێدەوارین هەڵمەتەكانی دەرەوەی وڵات‌و ناو وڵات، ببێتە مایەی سەركەوتنی هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا.
نامەوێت زۆر قسە بكەم، چونكە وادیارە ئەوەندەی حەزتان لەهەڵپەڕكێیە، ئەوەندە حەزتان لەقسە نییە. بەڵام هەر ئەوەندە دەڵێم كە پێرێ‌ (23/4/1920) لەدوای روخاندنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌و هاتنە سەركاری كەمال ئەتاتورك لەتوركیا، یەكەمین مەجلیسی توركیا كە پێكهات، ئەوكاتە دەوڵەتی تازە دامەزراوی توركیا پێویستی بەكورد بوو، بۆ یەكەمینجار لەوكاتەدا (72) كورد چوونە مەجلیسی توركیا. واتە (85) ساڵ لەمەوبەر (72) كورد لەمەجلیسی تازەی دامەزراوی دەوڵەتی توركیا، بوونە ئەندامی مەجلیسی دامەزرێنەری توركیا.
ئێستا دوای (85) ساڵ، جارێكی تر كورد لەباكور، هەدەپە، چەپەكان، هێزە دیموكراتەكان، عەلەوییەكان‌و هەموو ئەوانەی لایان گرنگە دیموكراسی لەسەرانسەری توركیا پەرەبسەنێت، گەشە بكات‌و بۆ قۆناغی نوێی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دنیا، گۆڕانكارییەكان، ئەركە نوێكانی دیموكراسی لەتوركیا بێتەدی، كورد لەباكورو هەدەپە، بەشداری هەڵبژاردنی سەرانسەری توركیا دەكات. ئەم هەڵبژاردنە بۆ كورد نییە، ئەم بەشداریكردنە بۆ هەدەپە نییە، ئەمە سەرەتای گۆڕانكاری هەمەلایەنەی قوڵە كە توركیا، پێكهاتەكانی توركیا، گەلانی توركیا، هێزە سیاسییەكان‌و رێبازە جیاوازەكانی ئایدۆلۆجییەتی توركیا، ئەگەر بێت‌و لەم قۆناغەدا ورد ببنەوەو ئەركەكانی چۆنێتی پەرەپێدانی دیموكراسی، قوڵكردنی دیموكراسی لەتوركیا لەبەرچاو بگرن، دەبێ‌ هەڵبژاردن لەتوركیا، مۆنۆپۆڵی نەتەوەی تورك نەمێنێ‌. دەبێ‌ ببێ‌ بەدیموكراسی بۆ هەموو گەلانی توركیا، بۆ هەموو پێكهاتەكانی توركیا‌و پەرلەمانی توركیا لەهەموو پێكهاتە جیاوازەكان، ئایینە جیاوازەكان، بیروباوەڕە جیاوازەكان، ئیسلامی، مەسیحی، عەلەوی، شیعە، سوننە، چەپ، دیموكرات‌و ناسیونالیزمی توركی پێكبێت‌و هەموویان دەبێ‌ بچنە ناو پەرلەمان، بۆ ئەوەی توركیا بتوانێت لەڕێگەی پەرلەمانێكی هەمەڕەنگ، پەرلەمانێكی دیموكراسی فرە رەهەند، بتوانێت لەم هەلومەرجەی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، لەم هاوكێشەیەی لەڕۆژهەڵاتدا هاتۆتە پێشەوەو گۆڕانكاری هەمەلایەنە رووبەڕووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتەوە، دنیا هەمووی رووی لەرۆژهەلاتی ناوەڕاستە، توركیا لەم چركەساتەدا، لەم قۆناغەدا، لەتاقیكردنەوەیەكی سیاسی، دیموكراسی سەختدایە ئەگەربێت‌و كورد‌و دۆستەكانی كورد بچنە پەرلەمانی توركیا، بێگومان سەرەتای گۆڕانكاری قوڵ بۆ بەدیهێنانی ئەركەكانی هەمەلایەنەی دیموكراسی لەتوركیا دێتەدی. بەپێچەوانەشەوە، ئەگەر بەعەقڵییەتی ناسیونالیزمی توركی، ئەگەر بەعەقڵییەتی مەزهەبی، ئەمجارەش توركیا، لەهەڵبژاردندا، تەنها حزبێك بباتە پەرلەمان‌و تەنها حزبێك حكومەت لەتوركیا پێكبهێنێت، بێگومان ئەمجۆرە ئەنجامەی هەڵبژاردن، قازانج بەتوركیا ناگەیەنێت، قازانج بەچارەسەكردنی كێشەكانی توركیا ناگەیەنێت‌و قازانج بەقوڵكردنی پرۆسەی دیموكراسی لەتوركیا ناگەیەنێت.
ئێمە لەباشور‌و وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پڕ بەدڵ ئومێدەوارین ئەم هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنێكی مێژووی بێت، وەرچەرخانبێ لەپرۆسەی دیموكراسی‌و سەركەوتنی دیموكراسی لەدەوروبەریشدا رەنگ بداتەوە‌و باكور بەمافی چارەنوسی بگات، رۆژئاوا بەمافی چارەنوسی بگات، رۆژهەڵات بەمافی چارەنوسی بگات‌و باشوری كوردستانیش بتوانێت قۆناغێكی تر بچێتە پێشەوە.
بێگومان ئەم ئەركانە لەهێزە كوردستانییەكان وادەخوازێت، لەهەموو بەشەكانی كوردستان، ئارام بین لەناو خۆماندا، گرفتەكانمان چارەسەر بكەین‌و زەمینەی پێكەوە سیاسەتكردن، زەمینەی هاوبەشی خاڵە هاوبەشەكان، ئەركە هاوبەشەكان پتەوبكەین، ناكۆكییەكانمان بخەینە لاوە بۆ قۆناغێكی تر.
جارێكی بەناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و حزبی سۆسیالیستیشەو، كە من لێرە بەناوی هەردوولامانەوە قسە دەكەم، پڕ بەدڵ هیوادارین هەدەپە، لەم بڕیارەی كە داوێتی، بەدیقەت دابێتی، حساب بۆ هەمووشتێك بكات‌و بتوانێت سەركەوتن بەدەست بهێنێت. سەركەوتنی هەدەپە، سەركەوتنە بۆ هەموو بەشەكانی كوردستان، سەركەوتنە بۆ مافە دیموكراسییەكانی كورد لەرۆژهەڵاتدا، بۆ ئەرمەنی، بۆ چەركەس، بۆ مەسیحی، بۆ عەلەوی‌و بۆ هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بژی هەدەپە، سەركەوێ‌ خەباتی دیموكراسی، سەركەوێ‌ خەبات لەڕۆژئاوای كوردستان، سەركەوێ‌ خەبات لەباكور، لەڕۆژهەڵات، لەهەموو شوێنێكی كوردستان‌و ئێوەش دۆستانی ئازیز، بەخۆشی‌و بەشادی بژین.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە