کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

دەبێت حكومەتی هەرێمی لەماوەی دوو هەفتەدا 100 ملیۆن دۆلار بداتە كۆنسۆرتیۆمی دانەغاز

.

10:30 PM - 22/11/2015

كۆمپانیای دانە غاز رایدەگەیەنێت: دادگای باڵای بەریتانیا بڕیاری كۆتایی داوە كە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی دوو هەفتەدا بڕی 100 ملیۆن دۆلار بداتە كۆنسۆرتیۆمی دانەغاز. كۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكردوە: كە تۆماركردنی سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێم، بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێمی كوردستان بووە، بەپێدانی كرێی ئەو كۆمپانیایە كە لە كەرتی غازی هەرێمی كوردستان كار دەكات. راشیگەیاندوە: كە دادگای باڵای بەریتانیا لە 20ی ئەم مانگەدا بڕیاری خۆی بۆ جێبەجێكردنی حوكمی كۆتایی دەركرد، لەبارەی ئەو بڕیارەی كە دادگاكە لە 17ی تشرینی یەكەم دەریكردووە‌و تێیدا حكومەتی هەرێمی كوردستانی پابەند كردووە بەپێدانی بڕی 100 ملیۆن دۆلار لەماوەی 14 رۆژدا. بەیاننامەكەی دانەغاز ئاماژەی بەوەشكردووە: كە دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن لە 17ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2014 بڕیارێكی ئیلزامی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەركرد‌و تێیدا هەرێم پابەند دەكات لەماوەی 30 رۆژدا بڕی 100 ملیۆن دۆلار بۆ كۆنسۆرتیۆمی دانە غاز خەرج بكات، بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم دواكەوت لە پابەندبوونی بەیاساكەوە‌و شكستی هێنا لە پێدانی پارەكە، بۆیە حوكمی دادگاكە بەشێوەی ئاسایی خۆی لە بواری جێبەجێبووندایە، ئەوەش وا لە دادگای باڵای بەریتانیا دەكات كە پابەندبێت بەجێبەجێكردنی بڕیارەكەوە. دانەغاز تەئكیدیكردۆتەوە: كە لەرۆژانی 28 و 29ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ‌و پاشان لە 20ی ئەم مانگە، بڕیاری كۆتایی دەرچووە كە دەبێت حكومەتی هەرێم لەماوەی 14 رۆژدا بڕی 100 ملیۆن دۆلار بدات بە كۆمپانیاكەیان. كۆنسۆرتیۆمی دانەغاز كە پێكدێن، لە كۆمپانیاكانی نەوتی هیلال‌و (ئۆ ئێم ڤی) نەمساوی‌و (ئۆ ئێم ئێڵی) هەنگاری‌و كۆمپانیای نەوت‌و گازی ئیماراتی، كە لە لەهەردوو كێڵگەی كۆرمۆر‌و چەمچەماڵ كار دەكەن، لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2013 سكاڵایەكیان لەدژی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماركرد.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە