کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

دوای پێنچ ساڵ 543 كەس بۆ خوێندنی دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێم وەردەگیرێن

.

07:36 PM - 08/11/2015

خوێندنی باڵا لەهەرێمی كوردستان دەستیپێكردەوە و ئەمساڵیش بەسەدان خوێندكاری دكتۆرا لەزانكۆكان وەردەگیرێن. دوای ئەوەی بۆ ماوەی نزیكەی 5 ساڵ خوێندنی باڵا بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی دكتۆرا لەزانكۆكانی هەرێم ڕاگیرابوو، لەگەڵ داڕشتنەوەی ڕێنماییەكانی خوێندنی باڵا، جارێكی تر وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم بڕیاری كردنەوەی خوێندنی باڵای لەزانكۆكانی هەرێمی كوردستان پەسەند كرد. لەو چوارچێوەیەدا و دوای كردنەوەی دەرگای پێشكەشكردن و ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی، 842 پێشكەشكار بەشداریان لەتاقیكردنەوەكان كردووە، بەگەیشتنی ناوەكانیش بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پڕۆسەی ووردبینی و پێداچوونەوە بەناوەكان دەستیانپێكرد، لەو چوارچێوەیەشدا ناوی 543 كاندید پەسەندكران بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێم بۆ ساڵی خوێندنی 2015-2016. بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە 6 نووسراوی جیا كە ئیمزای د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەسەرەوەیە، ئاڕاستەی زانكۆكانی سەڵاحەدین، سلێمانی ، دهۆك ، كۆیە ، سۆران ، زاخۆ كراوە بۆ ئەوەی ناوەكان لە وێب سایتی زانكۆكانیان بڵاوبكەنەوە و كاری پێویستیان بۆ ئەنجام بدەن، بەوەش لەهەفتەی داهاتوەوە جارێكی تر لەزانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەست بە خوێندنی ئەكادیمی- دكتۆرا دەكرێتەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە