.
12:02 PM - 04/05/2024
بەهارنامە
(١)
بەهاران ژمارەیەكی زۆر گژوگیا ، بەشێوەیەكی خۆڕسكی لە چیا و دەشت و كێو شین دەبن ، كە هەموویان بە ڤیتامین ، پرۆتین و ریشاڵی زۆر دەوڵەمەندن . هەر ناوچەیەك گژوگیای تایبەتی خۆی هەیە ، ئەگەر یەك جۆر رووەگشیان لێ بڕوێت ، ناوی جیاوازیان هەیە .
دۆمەڵان : قارچكێكی بن ئەرزە : شێوەی لە دیوی دەرەوە تا رادەیەك لە پەتاتە دەچێت . پرۆتینی زۆرە . لەو ناوچانەی دراوسێی بیابانن ، رەنگی سپیترە . لای خۆمان قاوەییەكی كاڵە . سۆمێریەكان لەسەر تابلۆی گڵێنە وێنەیان كێشاوە و لایان ئاشنا بووە . فیرعەونیەكان و رۆمەكان خواردوویانە . لە ئۆروپاش تا رادەیەك رەنگی رەشە . لای خۆمان هەر ساڵێك زوو پەڵە بدات ، دۆمەڵان زۆر دەبێت . لە ئۆروپاش ، بەراز ، ورچ و سەگی راهێنراو ، لە دۆزینەوەی دۆمەڵان دا پسپۆرن . هەر بۆیە بە ئەڵمانی ، بە دۆمەڵان دەڵێن : دۆمەڵانی بەراز Schweine Trüffel دۆمەڵان جۆری زۆرە وەكو : دۆمەڵانی چینی ، مەكسیكی و ئەفریقی . لای خۆمان لە كوێستان دۆمەڵان ناڕوێت ..
قارچك : كوارگ : قارچك سەدان جۆری هەیە : بەگشتی دوو بەشە : جۆرێكی دەخورێ و بەشێكی ژەهراویە . من هەر بۆ نمونە ناوی دوو سێ جۆری دەنووسم . لە گەرمیان دوو جۆر قارچك هەیە : قارچكی گەنم و قارچكی جۆ . لە كوێستانیش كوارگی هەڵز ، كوارگی كەما هەیە ....
گەرمیان :
كەنگر : كنگر : قنگر : رووەگێكی وەرزیە ، لە خزمی شپارگلیAsparagus / Spargel ئۆروپی دەچێت : سێ بەشە رەگێكی قاوەیی / ڕەش ، قمتێكی سپی و گەڵای سەوزی دڕكاوی پێوەیە .
تۆڵەكە : لەناو دێ و باخ و بێستان دەڕوێت . لاسكی درێژ و گەڵاكەی خڕە و لە ناوەڕاستی بەهاردا گوڵێكی مۆر لەبن گەڵاكانی دەپشكوێت ، ئەوەش نیشانەی پیربوونیەتی . بە كوڵاوی و سووركراوی دەخورێت .
هاز : كاردۆ : گەڵایەكی سەوزی پانی هەیە . بە كاڵی بەر زمان بكەوێت برینداری دەكات . لە گەڵ ترش چەند جارێك دەكوڵێنرێت ، ئینجا سوور دەكرێتەوە .
قەڵخانە : گەڵایەكی بەڵەكی هەیە . تا ٤٠-٥٠ سم بەرز دەبێتەوە . ناوی لاسكەكەی پڕە . پاش پاكردنەوەی ریشاڵە زبرەكانی دیوی دەرەوەی لێی دادەماڵرێت ، بە كاڵی دەخورێت .
چاوبازە : خزمی چاوبۆرە و قەڵخانەیە . رووبەری رەنگی سپی سەر گەڵاكانی زۆرترە . لاسكەكەی كلۆرە .
پەڵپینە : دانتیژكەرە : لە گوێی چەم و ئاودا شین دەبێت . گەڵاكەی ورد و ئەستوورە . تامێكی ترشی هەیە . لە سلێمانی سوپی لی دروست دەكەن . بە سەوزیش لەگەڵ ماست دا جاجكی لێ دروست دەكرێت . پەڵپینە لە ناندێنی گەرمیانیدا نامۆیە و ناخورێت .
هەپڵۆك : ئاڵەكۆك : گەڵایەكی سەوزی خۆڵەمێشی هەیە . لە بنەوەش رەگێكی توێكڵ رەشی هەیە و ناوەكەی وەكو شیر سپیە .
پیشۆك : پیڤۆك : گەڵایەكی باریكی بەڵەك بەڵەكی هەیە . كۆتایی رەگەكەی گرێیەكی خڕە و چوار دەوری بە تۆڕێكی خورمایی داپۆشراوە .
كوزەڵە : بە ئینگلیزی Watercress و بە ئەڵمانی Brunnenkresse گیایەكی كێویە لە خانەقی تەنیا لە دەربەند بێلوولە بینیومە ، كە كویستانی گەرمەسێرە .
كوێستان :
مەنێ : سەوزەیەكە وەكو كەنگر لەبن زەوی دەردەچێت ، دڕكی نییە . بە كوڵاوی دەخورێت .
لووشە : گەڵایەكی پانی هەیە . لەگەڵ دۆ و برنج سوپی لێ دروست دەكرێت .
پیچك : گەڵاكەی وەكو گەڵای سیرە . لە دێهات كەلانەی لێ دروست دەكرێت . لە شاریش ورد دەكرێت و لە گەڵ ماست جاجكی لێ دروست دەكرێت .
هەندرێشە : لە كوێستانان دەڕوێت : وەكو سیر تیژە . بە كاڵی دەخورێت .
زیزك : سیری عەجەم : مووسیر : سەلكەی لە بن ئەرزە ، : ئەوەندەی سەلكە توورێكی گردەگۆزینە دەبێت : وشك دەكرێتەوە : بۆ ترشیات بەكاردێت . بەتەڕی دەست بكەوێت لەگەڵ زەنجەبیل و لیمو ، هەر یەكەیان بە جیا بگوشرێت( لە خەڵاتەی بدەیت ) پاشان ئاوێتەیان بكەیتەوە . باشترین چارەسەرە بۆ پاكردنەوە دەمارەكان : بە مەرجێك بە خەستی نەخورێت (١-٤ )لەگەڵ ئاو كاڵ بكرێتەوە ....
( ماویەتی ... )
مامۆستا جەعفەر
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە