کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

قائیمقامیەتی سلێمانی چوار شوێنی داخست

.

10:57 AM - 30/04/2024

 

بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و ڕێنماییەكانی كاركرن، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی چوار شوێنیان داخست .

 

ئەمڕۆ سێشەممە، قائیمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، درەنگانێكی شەوی ڕابردوو، بەهۆی پابەندنەبوون بەمەرج و ڕێنماییەكانی كاركردن و هەبوونی مێرمنداڵ له ‌شوێنەكانیاندا، لیژنەكە هەردوو هۆڵی بلیاردی هاودەنگ لە گەڕەكی ڕۆژهەڵات، عەفرین لە گەڕەكی سەرچنار داخست.

 

ڕوونیشیكردەوە كە بەهۆی فرۆشتنی جگەرەی ئەلیكترۆنی بە خوار تەمەن (18) ساڵ، لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی فرۆشگای بلاك مونی لە گەڕەكی كوردسات داخستووە.

 

لە ڕاگەیەندراوەكەی قائیمقامیەتی سلێمانی هاتووە،  بەپێی ڕێنماییەكانی كاركردن، نابێت دوكان و ماركێتەكان جگەرە و جگەرەی ئەلیكترۆنی بە مێرمنداڵ بفرۆشن، هەروەها هۆڵەكانی بلیارد، گازینۆ، كافتریا و شوێنی نێرگەلەكێشان، باڕ و دوكانەكانی فرۆشتنی خواردنەوە كحولیەكان ڕێگری لە منداڵی نەوجەوان و تەمەن خوار (18) ساڵ بكەن بۆ شوێنەكانیان نێرگەلە و خواردنەوە كحولییەكانیان پێنەفرۆشن بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی ڕێكارە یاساییەكان دەكرێتەوە.

 

باسی لەوەشكردووە ، بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی كاركردن، كافتریای پارادایس له ‌گەڕەكی قالاوە داخرا، چونكە مۆڵەت، بنەمای كاركردنە بۆ ھەر پیشەیەك كە لەشوێنێكدا ئەنجام دەدرێت، بۆیە پێویستە ئەو شوێنەی پیشەیەكی دیاریكراوی تێدا ئەنجام دەدرێت مۆڵەتی لەلایەنە پەیوەندیدارەكان وەرگرتبێت، پاشان دەتوانێت كاری تێدا بكات.

بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی هەر چوار شوێنەكە داخراون و خاوەنەكانیشیان ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكرێنەوه.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە